هێزی دەریایی ئێران: هۆشداریمان داوەتە فڕۆکەهەڵگرێکی ئەمریکا لە کەنداو

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند کە “راستەوخۆ لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە” هۆشدارییان داوە بە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی کە چووەتە ناو ئاوەکانی کەنداوەوە.

دوێنێ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند کە گروپی فڕۆکەهەڵگری ئایزنهاوەر بە گەرووی هورمزدا پەڕیوەتەوە، بۆ چوونە ناو ئاوەکانی کەنداوەوە.

گوتیشیان گەڕی سەربازی ئەنجام دەدەن بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی لە ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی و پاڵپشتی لە پێداویستییەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

پێش ئەوەش، هەڵدانی دوو مووشەکیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەنەوە بەرەو کەشتییەکی تێکشکێنەری ئەمریکی لە کەنداوی عەدەن راگەیاند.

فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، عەلیڕەزا تەنغسیری، گوتی: “لە ڕێگەی درۆنەکانمانەوە، راستەوخۆ کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکیمان ئاگادارکردەوە، کە چووەتە ناو ئاوەکانی کەنداوەوە”.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: روبین عومەر