ئاسایشی رۆژئاڤا دەستگیرکردنی بەرپرسێکی “داعش”ی لە دێرەزوور راگەیاند

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، هێزە تایبەتەکانی ئاسایشی رۆژئاڤا (HAT) بە پاڵپشتی و پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەدواداچوونی شانەکانی “داعش”، بەرپرسێکی چەکداریی رێکخراوەکەیان لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکرد.

“ئاسایش” لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، “لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانمان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەدواداچوونی پاشماوەی شانەکانی داعش و گروپە تیرۆریستییەکان، هێزە تایبەتەکانمان توانیان ئەندامێکی داعش لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستگیر بکەن”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، “بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و ئەو بەڵگەنامانە و زانیاریانەی کە بەدەستیەوە گیراوە، ئەو تۆمەتبارە بەرپرسە لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ داعش”.

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا دەستگیرکردنی “ئەندامێکی داعشیان لە حەسەکە، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی تیمە سەربازییەکاندا راگەیاند، کە چالاک بووە لە ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی و چاندنی بۆمب دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاووڵاتیانی سڤیل و دامەزراوەکانی بەڕێوبەریی خۆسەریی لە حەسەکە”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دەستبەسەرکراوەکە رەوانەی دەزگای دادوەری دەکرێت و بەپێی پەیڕەو و ڕێساکان دادگایی دەکرێت.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: ئەڤین یوسف