عەرنوس سەرۆکایەتی شاندی سووریا دەکات بۆ کۆنفرانسی کەشوهەوا لە ئیمارات.. ئایا ئەسەد بەشداری دەکات؟

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی نزیک لە حکومەتی سووریا رایانگەیاند، حوسێن عەرنوس، سەرۆکوەزیرانی سووریا سەرۆکایەتیی شاندی بەشداربووی کۆنفرانسی کەشوهەوای سووریا لە ئیمارات دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هێشتا پرسیارەکان دەربارەی بەشداریکردنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا لەئارادان.

لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، ئەسەد بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە سەرۆکی ئیمارات، محەمەد بن زاید ئال نەهیانەوە بۆ هاتووە، بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی کەشوهەوا، هاوکات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بانگهێشتکردنی ئەسەدی بۆ لوتکەی کەشوهەوا لەو سەردەمەدا بە “گاڵتەیەکی نەخۆش” ناوبردووە.

هەفتەی رابردوو جیم ریش، گەورەی کۆمارییەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، جیهان چاودێری ئەوە دەکەن، کە ئایا ئەسەد بەشداری لوتکەی کەشوهەوا دەکات یان نا، ئەمەش دوای ئەوەی فەرەنسا فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ دەرکردووە لە دۆسیەی هێرشی کیمیاییدا لە گوندەواری دیمەشق لە هاوینی ساڵی 2013دا.

رۆژنامەی نیمچە فەرمی “ئەلوەتەن” بڵاویکردەوە، “حوسێن عەرنوس، سەرۆکوەزیرانی سووریا سەرۆکایەتی شاندی سووریا دەکات بۆ کۆبوونەوەی کەشوهەوای cop 28 کە بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو لە ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو بەڕێوەبچێت”.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، شاندی سووریای بەشداربووی لوتکە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەگەنە میرنشینی ئیمارات و حوسێن مەخلوف، وەزیری ئیدارەی خۆجێی و ژینگە و شاندێکی تەکنیکی کە لە کەسانی پسپۆڕی بوارەکانی ژینگە و کەشوهەوا پێکدێن، بەشدار دەبن.

شاندەکانی سەرجەم وڵاتانی جیهان ساڵانە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی کەشوهەوا لە یەکێک لە پایتەختەکانی جیهان کۆدەبنەوە کە دوایین کۆنفرانس لە قاهیرە بوو، کە بە “کۆنفرانسی بەشداربووانی رێککەوتننی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا” (UNFCCC) ناودەبرێت.

کۆنفرانسی کەشوهەوا لە ئیمارات لە 30ی ئەم مانگە تا 12ی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

ئامادەکردن و دارشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی