کوژران و برینداربوونی دەیەها ئەندامی هێزەکانی حکومەت لە ناوەڕاست و  رۆژهەڵاتی سووریا

حەڵەب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی حکومەتی سووریا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە دەیەها ئەندامی هێزەکانی حکومەت و “گرووپەکانی سەربەوان” و میلیشیاکانی دڵسۆز بۆ ئێران، لە کاتی پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردوودا کوژراون و بریندار بوون، گوتیشی کە ئەو پێکدادانانە لەگەڵ شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”دا روویانداوە، لە بیابانی سووریا و گوندەواری دێرەزوور.

ئەو سەرچاوەیە کە ئامادەنەبوو ناوی خۆی بخاتەڕوو، ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە دێرەزوور و بیابانی سووریا 16 ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سووریا کوژراون و 27ی دیکەش برینداربوون.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، هێزەکانی حکومەت و پشتیوانەکانیان، هەڵمەتی بەرفراوانەکانیان لە بیابانەکانی سووریاوە تا دەگاتە گوندەواری دێرەزوور دەستپێکردووە، بۆ بەدواداچوونی شانەکانی داعش، پاش هێرشە دووبارەبووەکانی ئەو رێکخراوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تێیدا دەڕۆیشتن، چوار ئەندامی هێزەکانی “دیفاع وەتەنی” کوژراون و 18ی دیکەش برینداربوون، کە لەلایەن ئەندامانی رێکخراوەکەوە چێندرابوون، لە میانی هەڵمەتێکی پاکتاوکردنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی حکومەت و فڕۆکەوانی رووسیادا پییاندا تەقیەوە.

ناوبراو رایگەیاند کە دە ئەندامی میلیشیای “لیوای قودسی ئێرانی” لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ شانەکان کوژراون و شەشی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها سەرچاوە حکومییەکە ئاماژەیان بە بێسەروشوێنبوون داوە کە ژمارەیان دیار نییە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو رێکخراوە هێرشێکی دیکەیان دەستیپێکردووە بۆ سەر بارەگای میلیشیای “دیفاع وەتەنی” کە لە تەنیشت قەڵای “فەخرەدین ئەلمەعنی” جێگیر بوون لە شاری تەدمر، لە رۆژهەڵاتی حومس و لە ئەنجامدا سێ ئەندامی ئەو میلیشیایان بریندارکردووە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، هێرشەکە هاوکات بووە لەگەڵ هێرشێکی دیکە بۆ سەر بەنزینخانەی ئەلعلێوی، لەسەر ڕێگای سەرەکی تەدمر، کە میلیشیای “لیوای ئەلباقر” وەک بارەگایەک بۆ ئەندامەکانیان بەکاریدەهێنن، شەڕ و پێکدادان دروستبووە و ماوەی کاتژمێرێک بەردەوام بووە، کە بووە هۆی کوشتنی دوو ئەندامی میلیشیاکە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی