هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی 4 ئەندامی “داعش”یان راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممەی، هێزە عێراقییەکان دەستگیرکردنی چوار ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە پارێزگای ئەنبار لە ناوەندی ئەو وڵاتە راگەیاند.
هێزە عێراقییەکان بۆ بەدواداچوونی ئەندامانی “داعش” بەبەردەوامی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەنجام دەدەن، شەممەی رابردووش دوو ئەندامی داعشیان لە ئەنبار و نەینەوا دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گواستیەوە، رایگەیاند، “بەپێی زانیاریی هەواڵگریی دروست و لە بۆسەیەکی دەگمەندا لە ناحیەی رمادی لە پارێزگای ئەنبار، چوار ئەندامی داعش دەستگیرکران”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چوار ئەندامە دەستگیرکراوەی “داعش”، بەپێی بڕگەکانی ماددەی 4ی تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە داواکراون.
راشیانگەیاند، ئەو چوار تۆمەتبارە دەستگیرکراوە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا دادگایی بکرێن.