بۆ سێیەم رۆژی لەسەر یەك، بارەگاكانی هەسەدە لە دێرەزوور بە ئامانج دەگیرێن
دێرەزوور – نۆرس پرێس
شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەمە بۆ سێیەمین ڕۆژی لەسەریەکە ئەو چەکدارانە کە بە وتەی هێزەکانی سوریای دیموکرات سەر بە حکومەتی سوریان، هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی هەسەدە لە دێرەزوور.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” ڕایگەیاند، گروپە چەکدارەکانی سەر بە “ئەلهەفل” هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانیان لە شارۆچکەی عەزبە و ئەلسور لە گوندەواری باکوری دێرەزوور و پێکدادان لەنێوانیاندا ڕوویداوە، هێرشبەرەکان بە ناچاری هەڵاتوون.
ناوی ئیبراهیم ئەلهەفل، شێخی عەشیرەتی عەگیدات، لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو لە دێرەزوور سەریهەڵدا، لەو ماوەیەدا چەكداری كۆكردەوە و شەڕی دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیاند بە پاڵپشتی ئەمنی عەسكەری سەر بە هێزەکانی حکومەت و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات لە دێرەزوور.
سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، دوو چەکداری نەناسراو کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبوە، ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هەسەدەیان لەسەر ڕێگای سەرەکی شارۆچکەی سوەیدان، كردووەتە ئامانج بەهۆیەوە ئەندامێکی هەسەدە برینداربوو.
دوێنێش، گولـلە هاوەنێک کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە ڕۆژئاوای فوراتەوە تەقێندرابوو، لە ماڵی هاووڵاتییەكی سڤیل لە شارۆچکەی دەرنەج كەوتووەتە خوارەوە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
هەروەها چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی هەسەدە لە هەجین، ئەلشحەیل، ئەلتەیانە و ئەلشەنان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی گوندەواری دێرەزوور، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.