ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان گروپێکی “تێکدەری ڕژێمی سوریا” لە دێرەزوور دەستگیر دەکات
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان، دەستگیرکردنی چوار کەسیان رایانگەیاند کە پەیوەندییان بە “ڕژێمی سوریاوە هەبووە و کاری ئاژاوەگێڕیان” لە دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە.
ماوەی چەند مانگێکە دۆخی ناوچەی دێرەزۆر ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و ئێران، کە بەردەوام خاڵە ئەمنییەکانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دەکەنە ئامانج.
ئاسایش لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی خۆیاندا بەڵاویانکردەوە، “ بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزە تایبەتەکان توانیان چوار کەس دەستگیربکەن کە پەیوەندییان بە گروپەکانی سەر بە ڕژێمی سوریاوە هەیە و هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم گروپە تێکدەرانە لەلایەن ڕژێمی سوریاوە پشتگیری دەکرێن ، و ئامانجیان بڵاوکردنەوەی ئاژاوەگێری و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستانە.
راشیگەیاند، “لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسە دەست بەسەر چىکێکی کڵاشینکۆف و سێ تفەنگی ڕاوکردن و نارنجۆکێک و چەقۆیەک و شەش مەخزەنی چەک و مۆبایل و ناسنامەیان گیراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “ دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دەستگیرکراوان ڕەوانەی دادگا دەکرێن و دادگایی دەکرێن.