بە گولەی هێزەکانی تورکیا… ٤ کەس لە دربێ سیێ بریندار بوون

دربێسیێ – نۆرس پرێس

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناحیەی دربێ سیێ لەسەر سنووری نێوان تورکیا و باکووری شاری حەسەکە بە گولەی جوندرمەی تورکیا چوار کەس بریندار بوون کە یەکێکیان منداڵە.

چەند سەرچاوەیەک لە شاری دربێ سیێی رۆژئاوای کوردستان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، “ئێوارەی ئەمڕۆ چوار کەس بە گولەی جەندرمەی تورکیا برینداربوون و لەنێویاندا منداڵێک هەیە،کە خەڵکی گەڕەکی غەربین لە ناحییەی دربێ سیێ.

لای خۆیەوە پزیشکێک لە بەشی ئەمبولانس لە نەخۆشخانەی خەبات لە دربێ سیێ بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، چوار کەسی بە برینداری گەیاندرانە نەخۆشخانە، و ئێوارەی ئەمڕۆ تەقەیان لێ کرابوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، بریندارەکان محەمەد تۆفیقی  (١٨ ساڵ)، لۆرین کالۆ (٣٠ ساڵ)، داود مستەفا (٣٠ ساڵ)، و نەسرین محەمەدی تەمەن (٩ ساڵ) بون.

ئەو پزیشکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەشدا، نەسرین باری تەندروستی سەخت بوو، بۆیە دەستبەجێ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری حەسەکە، لەکاتێکدا سێ برینەکەی تر ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە.

ئامادەکردنی: سامر یاسین – داڕشتنەوەی: سەعد یازجی