بۆ دووهەم رۆژ لەسەر یەک.. لە دێرەزوور “بەتوندی” هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانی “هەسەدە”

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی شەممە/یەکشەممە، چەکدارانی نەناسراو لە چەند میحوەرێکەوە هێرشیان کردە بارەگاکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا و لە ئەنجامدا دوو شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات برینداربوون و زیانی ماڵی بە پێگەکانیان گەشت.

بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک چەکدارانی سەر بە هێزەکانی حکومەت هێرشیان کردە سەر پێگەکانی “هەسەدە”.

دوێنێ شەممە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات دانپێدانانی چوار دەستگیرکراویان بڵاوکردەوە، کە لە مانگی ئابی رابردوودا بەشدارییان لە هێرشەکانی سەر بارەگای هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کردبوو، لەو دانپێدانانە چۆنیەتی پلان دارێژانی هێرشەکانیان درکاندووە، کە بە گوتەی ئەوان لقی ئەمنی سەربازیی هێزەکانی حکومەتیش پاڵپشتی چەکدارەکانیان کردووە.

سەرچاوەیەکی سەربازی “هەسەدە” لە دێرەزوور رایگەیاند، کە چەکدارەکان هێرشیان بۆ سەر بارەگا سەربازییەکانیان لە شارۆچکەکانی گرانیچ، ئەبو حەردوب، ئەبو حەمام، ئەلتیانە، دەرنەج و سوەیدان، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور ئەنجامداوە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، “هەسەدە” لەگەڵ گروپەکانی سەر بە هێزەکانی حکومەت تێکهەڵچوون و “ناچار”یان کردوون بکشێنەوە.

چەکدارەکان بە هاوەنی دەستی خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سووریای دیموکراتیان لە دەروازەی شارۆچکەی ئەلبەسیرە کردە ئامانج و زیانی ماڵی لێکەوتەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارەکان بە چەکی کڵاشینکۆف دوو ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان، لەنزیک شوێنی کارەکەیان لە شارۆچکەی ئەلتیانە لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج، بەهۆیەوە بریندار کەوتەوە.

ئەو چەکدارانە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی سەربازی هێزەکانی “هەسەدە”، لە نزیک ئاشەکانی نزیک بە دەروازەی شارۆچکەی ئەلعەزبا و سەرجەم پێکدادانەکان دوای کەمتر لە کاتژمێرێک لە هێرشەکە کۆتاییان هات، بەپێی سەرچاوەکە.

دوای هێرشەکە، هێزەکانی “هەسەدە” خاڵەکانی بەهێزتر کرد و گەڕی سەربازی لەو ناوچانە ئەنجامدا کە تیایدا هێرش کرابووە سەر بارەگاکانیان، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، “هەسەدە” هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو رووداوانە نەداوە.

ئامادەکردنی: ماهیر مستەفا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان