پێنجەمین خولی پێشانگای کتێب لە سلێمانی بەردەوامە.. زۆرینە کتێبە ئیسلامییەکانن
سلێمانی – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارەم رۆژی پێنجەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبە لە شاری سلێمانی و زۆرینەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردەنەوەی بەشداربوو، دەزگا ئیسلامییەکانن و زۆرینەی کتێبە نمایشکراوەکانیش کتێبە ئیسلامییەکانن.
پێشانگاکە لە 23ـی ئەم مانگەوە لە شاری سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە 200 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە زیاتر لە 20 وڵاتی جیهانەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بێت.
پێشانگەکە جگە لە کتێبی عەرەبی و کوردی، ژمارەیەکی زۆر کتێبی بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی و فەرەنسیش تێدایە و 98 دەزگای وەشاندنی عەرەبی بەشدارییان تێدا کردووە، ئەوانیش پێکدین لە 52 دەزگای چاپ و وەشاندی میسر، 20ی عێراق و 11 دەزگای سووریا، کە لە پێشەنگی زۆرترینی دەزگا عەرەبیەکاندان. دوای ئەوانیش، ئیمارات، ئوردن، کوێت، مەغریب و لوبنان دێن کە بەکۆی گشتی 98 دەزگای عەرەبی لە کۆی 200 دەزگا بەشداربووەکەی پێشانگەکە پێکدەهێنن.
لەبارەی ئەوەی بۆچی زۆربەی کتێبەکان ئاینین و هەمەچەشنی تێدا کەمە، بەشی یاسایی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، هیچ دەزگا، خانە و كتێبفرۆشێکی ئیسلامی یان عهلمانی ئەوەی خواستی هەبووبێت لە پێشانگهكەدا بەشداربێت، رێی لێنەگیراوە. دەشڵێن، “ئەوانەی گلەیی دەکەن، با پێشانگه پڕبكەن لە کتێبی فكر، فەلسەفە، زانست و بەرهەمەكانیان، بزانن هیچ رێگرییەک هەیە”.