دوو سبەی یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی نێوان قامشلۆ و دیمەشق دەستپێدەکات
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە یەکەم گەشت بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەی داهاتوودا دەست پێدەکات.
دوێنێ شەممە، میدیاکانی نزیک لە حکومەتی سووریا گەڕانەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقیان بۆ خزمەتگوزاری راگەیاند، دوای ئەوەی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە، لە کار راگیرا.
سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی قامشلۆوە کە ئامادە نەبوو ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بە نۆرس پرێسی گوت یەکەم فڕۆکە لە قامشلۆوە بۆ دیمەشق کاتژمێر 4:30 خولەکی سەرلەبەیانی دوو سبەی (سێشەممەی داهاتوو) بەڕێدەکەوێت، سەرنشینانیش کاتژمێر 1:30 خولەکی شەوی دووشەممە لە فڕۆکەخانە ئامادە دەبن.
لە کاتێکدا گەشتی دیمەشق بۆ قامشلۆ لە کاتژمێر 2:30 پاش نیوەشەوی دووشەممە دەبێت، سەرنشینەکان کاتژمێر 11:30 شەوی دووشەممە لە فڕۆکەخانە دەبن.