حەسەکە – نۆرس پرێس
دوێنی شەممە، فێستیڤاڵی رۆشنبیری خابوور بە هەماهەنگی نێوان رێکخراوی “بیڵ” و چەند رێکخراو و دامەزراوەیەکی رۆشنبیری و هونەری، لە هۆڵی ماربێلا لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، دەستیپێکرد.
کۆمەڵەی رۆشنبیری سریانی، کۆمەڵەی رۆژئاوی کوردستان بۆ رۆشنبیری و هونەر، ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی ئەرمەن، یەکێتی رۆشنبیرانی هەرێمی جەزیرە، ماڵی ئێزیدی لە هەرێمی جەزیرە و نوێنەرانی کۆمەڵە و دامەزراوە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و هونەریەکانی شاری حەسەکە و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی جەزیرە، بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد.
هاجەر ئەمین، ئەندامی دەستەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە و ئەندامی رێکخراوی بیڵ بە نۆرس پرێسی وت: “ئامانج لەم فێستیڤاڵە و ئەم جۆرە بۆنانە، کۆکردنەوەی کولتوورە جیاوازەکانی کۆمەڵگاکانە، هەروەها ناساندنی سەرجەم شارستانیەت و کولتوور و فۆلکلۆری گەلان و پێکهاتەکانە”.
فێستیڤاڵەکە گۆرانی و نمایشی هونەری و شانۆیی لەخۆگرتبوو، تیپەکانی سەرجەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی جەزیرە سەمای فۆلکلۆری تایبەتیان پێشکەش کرد، هەروەها ژمارەیەک شاعیر شیعریان خوێندەوە، شانۆیەک نمایشکرا، ئەمە جگە لە چالاکییە کولتوورییەکان بۆ ناساندنی هەر نەتەوە و گروپێکی ئایینی.
“هاجەر” بە نۆرس پرێس راگەیاند: “رێکخراوەکەمان ئامانجی ئەوەیە، لە رێگەی ئەم چالاکییانەوە، یەکگرتوویی نێوان گەلە جیاوازەکان، کە لە ناوچەکەدا پێکەوە دەژین زیاد بکات، هەروەها هاندانی ئەو یەکگرتوویی و پێکەوە ژیانە ئاشتیانەیە، کە سەرجەم ئەو گەلانە بە مەزهەبە جیاوازەکانیانەوە ئاواتی بۆ دەخوازن”.