“مەسەدە” پێشوازی لە ئاگربەست لە غەززە دەکات و داوای “ئاگربەستی هەمیشەیی” دەکات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمرۆ شەممە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات پێشوازی لە بڕیاری ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس و  گۆڕینەوەی زیندانییە فەلەستینییەکان و بارمتەکانی ئیسڕائیل کرد.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە نێوەندگیری قەتەری- میسری-ئەمریکی ، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، و بڕیارە بارمتە ئیسڕائیلییەکانی کەرتی غەززە بەرامبەر دەستبەسەرکراوانی فەلەستینی ئازاد بکرێن.

٥٠ بارمتە لە بەرامبەر ١٥٠ دەستبەسەرکراوی فەلەستینی بە کاروانی جیاواز لە ماوەی ئاگربەستەکەدا ئازاد دەکرێن.

ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەری خۆیدا بڵاویکردۆتەوە، داوای لە هەردوولا کرد بەردەوام بن لە پرۆسەی ئازادکردنی بارمت و دەسبەسەرەکان، هەروەها درێژە بە ئاگربەستەکە بدەن بۆ ئەوەی بگەن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی، “تا رێگری بکەن لە کارەساتی مرۆیی لە داهاتوودا”.

مەسەدە داوای لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییە بەرژەوەندخوازەکان کرد، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆماری میسری عەرەبی و دەوڵەتی قەتەر، تا هەوڵی دیپلۆماسی بدەن بۆ ئەوەی شەڕی لە غەززە رابگرن و کۆتایی بە قەیرانەکە بێنن.

ناوبراو لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیدا بە پێویستی هاندانی لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی ، بۆ بەشداریکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ فەڵەستین و ئیسرائیل و کۆتایی ململانێکان و ڕێزگرتن لە یاساکانی نێودەوڵەتی.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: ئەڤین یوسف