بەهۆی داواکردنەوەی موڵکەکانیان لە سەرێ کانیێ دوو هاووڵاتیی کریستیان دەستگیرکران
سەرێ کانیێ – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ هەینی، دەزگای ئەمنیی میلیشیای “سوڵتان موراد”ی لایەنگری تورکیا، دوو پیاوی کریستیانی خەڵکی سەرێ کانیێیان دەستگیرکرد، دوای ئەوەی داوای موڵک و ماڵەکانیان کردەوە، کە کراونەتە بارەگای ئەمنی و سەربازی.
کارگێڕێک لە میلیشیای “شورتەی مەدەنی” دڵسۆز بۆ تورکیا ڕایگەیاند، ئەو میلیشیایەی ئاماژەیان پێکراو، “ئاسف مللی تەمەن 47 ساڵ و زیاد ئەسفەر تەمەن 42 ساڵیان” دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی سەردانی فەرماندەیی “شورتەی مەدەنی”یان کردووە بۆ داواکردنی گەڕاندنەوەی پێنج ماڵ کە ئەوان خاوەندارێتی دەکەن… ئەمە جگە لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەوارەکانی.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، موڵک و ماڵی هەردوو هاووڵاتی “مللی و ئەسفەر” لەلایەن میلیشیای سوڵتان مورادەوە وەک بارەگای سەربازی و ئەمنی دەستی بەسەردا گیراوە، جگە لەوەی میلیشیای “حەمزات” دەستی بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیاندا گرتووە و لە بەرژەوەندی خۆیان دەیچێنن و دروێنەی دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو کەسە دوای 48 کاتژمێر لە گەیشتنیان بۆ شارەکە، کە لە تورکیاوە هاتبوون، بە مەبەستی داواکردنەوەی موڵک و ماڵەکەیان دەستگیرکراون و تا ئێستاش دەستبەسەرن.