بەهۆی هەناردەکردنیەوە بۆ تورکیا.. نرخی زەیتی زەیتوون لە باکووری رۆژئاوای سووریا بەرزبووەتەوە

ئیدلیب – نۆرس پرێس

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سووریا، بەهۆی هەناردەکردنی بەردەوامیەوە بۆ تورکیا، بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی زەیتی زەیتوونیان بەخۆوە بینی.

خاوەن کارگەکانی زەیتی زەیتوون لە ئیدلب بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، نرخی تەنەکەیەک زەیتی زەیتون (16 کیلۆگرام) لە باشترین ڕۆژەکانی بەرهەمهێناندا جارێکی دیکە بەرزبووەتەوە بۆ ڕێژەیەکی پێوانەیی، کە لە ئیدلب 95 دۆلارە و لە عەفرین لە نێوان 90 بۆ 100 دۆلاری تۆمارکراوە ، بە گوێرەی کوالیتییەکەی.

لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا نرخی هەمان بڕی زەیتی زەیتوون بە هەمان قەبارە 50 دۆلاری ئەمریکی بووە.

ئەو سەرچاوەیە کە پێی باشبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری بەرزبوونەوەی زەیتەکە بۆ کڕینی لە لایەن میلیشیاکانی ناوچەکەوە دەگەڕێتەوە، کە ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی کۆمپانیا یان کەسانی سەر بە خۆیانەوە هەناردەی تورکیای دەکەن.

لەو چوارچێوەیەدا ئەندامانی میلیشیاکانی فیرقەی نۆیەمی “جەیش وەتەنی” دڵسۆز بۆ تورکیا دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا گرت کە بڕێک زەیتی زەیتونی هەڵگرتبوو لەسەر ڕێگای نێوان شاری عەفرین و ناحیەی راجۆ.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئەندامانی میلیشیاکە دوای تەقەکردن دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گرتووە و ناچاریان کردووە رایبگرێت، هاوکات سێ گەنج کە لەناو بارهەڵگرەکەدا بوون دەهێنرێنە خوارەوە و لەو ناوچەیە بەجێیان دەهێڵن و بارهەڵگرەکە دەبەن.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – داڕشتنەوەی: تەیسیر محەمەد