چەند هێرشێک کرایە سەر بارگەکانی “هەسەدە” لە دێرەزوور
دێرەزوور – نۆرس پرێس
شەوی شەممە، چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی گوندەواری دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “هەسەدە” لە دێرەزوور ڕایگەیاند، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر سێ بارەگای سەربازی لە شارۆچکەی ئەلعەزبە لە گوندەواری باکووری دێرەزوور، هێرشێکی دیکەش هاوکات بووە لەگەڵ ئەوەی یەکەم و چەند پێگەیەکی “هەسەدە”یان کردە ئامانج لە ناحیەی ئەلسوور لە گوندەواری باکووری دێرەزوور.
ئەو سەرچاوەیە چەکدارانی سەر بە دیمەشق و تاران بە دەستپێکردنی ئەم هێرشانە تۆمەتبار کردووە، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا ناوچەکانی دێرەزوور لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری فوراتەوە چەندین هێرشی بۆ سەر بارەگاکانی “هەسەدە” بەخۆوە بینیوە، کە هێزەکانی حکومەت و ئەو گروپانەی سەر بە ئێران پشتیوانیان دەکەن، کەوا ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکەن.
لە گوندەواری ڕۆژئاوای دێرەزوور، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بارەگا و خاڵە ئەمنییەکان لە شارۆچکەکانی ئەلجیعە، ئەلحیسان و موحەیمیدە.
لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، چەکداران هێرشیان کردە سەر شارۆچکەکانی ئەلشوهەیل، ئەبو حەردوب، ئەلحەجنە و ئەلسەبا.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سەرجەم هێرشەکان بە وەڵامدانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆتاییان هاتووە، و هیچ زیانێکی مرۆییان لێنەکەوتووەتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێزەکانی سوریای دیموکرات هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەو هێرشانە نەداوە.