خاچی سوور یەکەم بڕی ئاڵوگۆڕی بەندکراو و بارمتەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلی بە سەرکەوتووی جێبەجێکرد
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنی هەینی، خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند، توانیویانە بە سەرکەوتووی و بێ کێشە یەکەمین بڕی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی بەندکراو و بارمتەکانی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل ئەنجامبدەن.
راشیانگەیاند کە 24 بارمتەیان لە حەماس وەرگرتووە و لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە گەیاندوویانن بە خاکی میسر و رادەستی ئیسرائیلی کردوونەتەوە، هاوکات 39 بەندکراوی فەلەستینیی، کە لە 24 ژن و 15 منداڵ پێکهاتبوون، لە زیندانی سەربازیی عوفەرەوە گواستووەنەتەوە بۆ کەرتی رۆژئاوای غەززە.
هاوکات، دەروازەی رەفەح بە رووی بارهەڵگرەکاندا، کە یارمەتیی مرۆییان هەڵگرتبوو، کرایەوە و هەر دوێنێ نزیکەی 200 بارهەڵگر چوونە نێو غەززەوە.
بە گوتەی، ماجد ئەنساریی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، کە ڕۆڵی نێوەندگیری گێڕا، لەو 24 بارمتە ئازادکراوە، 13یان ئیسرائیلین، 10یان تایلاندین و یەکێکیان فلیپینیە.
ئێوارەی دوێنێ هەینی، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، “بارمتە ئازادکراوەکان لەنێو خاکی ئیسرائیل پشکنینی سەرەتایی پزیشکییان بۆ کراوە و بە یاوەریی سەربازەکان دەبردرێنە نەخۆشخانە تاوەکو لەوێ بە خێزانەکانیان شاد ببنەوە”.
بە گوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان هەردوو لایەنی ناکۆک، حەماس 50 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات، لە بەرامبەردا ئیسرائیل ژمارەیەک بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، هەروەها رێگە دەدات لە دەروازەی رەفەحەوە بارهەڵگرەکان یارمەتیی مرۆیی بگەیێننە کەرتی غەززە.