بە هۆی ناکۆکی لە سەر بڕینەوەی درەختەکان.. لە گوندەواری عەفرین شەڕ لە نێوان دوو میلیشیای سەر بە تورکیادا روویدا
عەفرین – نۆرس پرێس
دوێنی پێنجشەممە، بە چەکی مامناوەند، شەڕ و پێکدادان لەنێوان دوو میلیشیای چەکداری سەر بە ئەنقەرەدا ڕوویدا، بەهۆی ناکۆکی لەسەر بڕینەوەی درەختی دارستانەکان و بەشکردنی پارەکەی دوای فرۆشتنیان لە ناحیەی بولبول لە گوندەواری شاری عەفرین لە بەشە داگیر کراوەکەی رۆژئاڤا.
سەرچاوە سەربازییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، “لە یەکێک لە بازگەکانی نزیک چیای بولبول لە باکووری رۆژئاوای ناوەندی قەزاکە لە گوندەواری عەفرین، بە چەکی مامناوەند شەڕ لەنێوان ئەندامانی فیرقەی حەمزە و کەسانی دیکەی فراکسیۆنی شورتەی عەسکەریدا روویداوە”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، “ئەو تێکهەڵچوونە بووەتە هۆی برینداربوونی ئەندامێکی شورتەی عەسکەری و یەکێکی دیکە لە فیرقەی حەمزە”.
روونیشیانکردەوە، هۆکاری شەڕەکە ناکۆکیی بووە لەسەر بڕینەوەی درەختەکان و بەشکردنی پارەکەی دوای فرۆشتنیان، لە چیای بولبول کە لەلایەن میلیشیای “ئەلحەمزەوە” کۆنتڕۆڵکراوە.
سەرچاوەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، “فیرقەی حەمزە و سوڵتان موراد لە جەیش وەتەنی چەند هەفتەیەکە سەرقاڵی بڕینەوەی درەختەکانن لە ناوچە دارستانەکانی چیای بولبول و دارستانەکانی نزیک بەوان، بە مەبەستی فرۆشتنەوەیان لە بازاڕەکان و بەکارهێنانیان بۆ خۆگەرمکردنەوە”.