پەرلەمانی عێراق داوای پشکی ئاوی وڵاتەکەی لە تورکیا دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موحسین مەندەلاوی، جەختی لەسەر پێویستی هاریکاری نێوان عێراق و تورکیا کردەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوی نێوانیان، داوای دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنی بە پشکێکی دادپەروەرانەی ئاو کرد بۆ وڵاتەکەی.

ئەمەش لە میانی کۆبوونەوەیەکدا هات، کە دوێنێ چوارشەممە لە نێوان موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە گەڵ ئالب ئەرسەلان بریقدار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا و شاندی یاوەری و بە ئامادەبوونی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی ڕەزا کونی.

ئەمەش یەکەم جار نییە، کە بەغدا لە چەندین کۆبوونەوەدا داوای لە ئەنقەرە کردووە، کە رێگە بدات هاتنی پشکی خۆی لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، دوای ئەوەی ساڵانێکە ئاستەکانیان تادێت دادەبەزن، ئەوەش بەهۆی پڕۆژەکانی تورکیاوە لەسەر ئەو دوو ڕووبارە، بەپێی لێدوانەکانی پێشووی بەرپرسانی عێراق.

جگە لە تاوتوێکردنی “پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان” کە هەردوو وڵاتی دراوسێ پێکەوە دەبەستێتەوە، بەتایبەتی لەسەر ئاستی وزە و تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان (..)، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی تورکیا، بەگوێرەی راگەێنراوی نووسینگەکە، مەندەلاوی جەختی لە چارەسەریی دۆسیەی ئاو کردووەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم دۆسیە لە پێشینەی کارەکانی عێراقدایە و دەبێت هاوکاری لە نێوان هەردوو وڵاتدا بکرێت.

لە راگەێنراوە عێراقییەکەدا هاتووە کە “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو پرسە کاردانەوەی ئابووری و مرۆیی هەیە”، مەندەلاوی جەختی لەسەر پێویستی بەدەستهێنانی پشکی دادپەروەرانەی وڵاتەکەی کردووە لە بڕی گونجاوی ئاو.

مەندەلاوی جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵی جددی لەلایەن دەسەڵاتدارانی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان عێراق و تورکیا، بەشێوەیەک کە لەگەڵ دەستووردا ناکۆک نەبێت و بەرژەوەندی عێراق و خەڵکەکەی لەبەرچاو بگرێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر