هەولێر – نۆرس پرێس
جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا دواین پێشهاتەکانی بۆ باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانانی وڵاتەکەی لەبارەی ڕێوشوێنەکانی ئیدارەی وڵاتەکەی لە کاردانەوە بەرامبەر هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هێزەکانیان لە سووریا و عێراق خستەڕوو.
بەپێی بەیاننامەیەک کە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، راگەێنراوەکەی بایدن لە شێوەی نامەیەکدا بووە کە ئاراستەی کۆنگرێس کراوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کارەکانی لەگەڵ “بڕیارنامەی دەسەڵاتە جەنگییەکاندا (یاسای گشتی 93-148)” یەکدەگرێتەوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بە زنجیرەیەک هێرش کردووە، کە لە لایەن “میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران”وە دژ بە کارمەندان و دامەزراوەکانی ئەمریکی لە عێراق و سووریا ئەنجامدراوون.
لە کاتێکدا سروشتی دوایین هێرشەکەی شەوی 21ی ئەم مانگەدا عێراقی ڕاگەیاند و گوتی “بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی هاتووە”، بایدن هێرشی هاوشێوەی وەبیرهێنایەوە کە لە 27ی تشرینی یەکەمی رابردوودا، لە 10 و 14ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا لە سوریا ئەنجامدرابوون.
بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکان دژ بەو توانایەن، کە سوپای پاسداران و گروپەکانی سەر بەوان بەکاریان دەهێنن.
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا ئامانج لە هێرشەکانیان، “ڕێگریکردنە و بە شێوەیەک ئەنجامدراون کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی مەترسیی پەرەسەندنەکان و دوورکەوتنەوەیە لە کەوتنەوەی قوربانیانی سڤیل”.
بایدن داوای لە کۆنگرێس کرد پشتگیری لە ڕێوشوێنەکان بکات و جەختی لەوە کردەوە کە “ئەم ڕێوشوێنە پێویستانە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافە سروشتییەکانی ئەمریکادا بۆ بەرگری لەخۆکردن دەگونجێن، وەک لە مادەی 51ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە”.
بایدن گوتی ئەمریکا “ئامادەیە بە پێی پێویست و گونجاو ڕێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشە یان هێرشێکی تر”.