سوپای ئەمریکا چەند فڕۆکەیەکی هێرشبەر لە دەریای سوور دەخاتە خوارەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا “سێنتکۆم” ڕایگەیاند، کەشتی فڕۆکە هەڵگری “یو ئێس ئێس تۆماس هادنەر”، چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی هێرشبەری یەک ئاڕاستەی خستۆتەخوارەوە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکانی یەمەنەوە هەڵدراون.
لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی یەمەن، کەشتییە جەنگییە ئەمریکییەکە لە ئەنجامدانی گەڕێکی ئەمنیدا لە دەریای سوور، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان خستووەتە خوارەوە.
فەرماندەییەکە پشتڕاستی کردەوە کە کەشتییەکە و تیمەکەی هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە و برینداریان نەبووە.
پێشتر گرووپی حوسییەکان لە رێگەی تۆڕی X (تویتەری پێشوو)ەوە ڕایگەیاندبوو، کە کۆمەڵێک مووشەکیان بەرەو پێگە سەربازییەکان لە شاری ئیلاتی ئیسرائیل هەڵداوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویان کردەوە.
کۆتایی هەفتەی رابردوو حوسییەکان، بەهۆی شەڕی غەززەوە و لە وەڵامی ئیسرائیلدا، دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگردا گرت، کە گوتیان پەیوەندی بە بازرگانێکی ئیسرائیلییەوە هەیە و هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەکانیان لە ناوخۆی ئیسرائیل کرد.
کەناراوەکانی یەمەن کە ڕێڕەوێکی تەسکە لە نێوان یەمەن و جیبۆتی لەوپەڕی باشووری دەریای سوور، بە یەکێک لە قەرەباڵغترین هێڵەکانی دەریایی دادەنرێت لە جیهاندا، بەو پێیەی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بەکارهێنانی نەوتی جیهانی بەو کەناڵەدا تێدەپەڕێت.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، کە لێکۆڵینەوە لە ئەگەری پۆلێنکردنی حوسییەکانی یەمەن دەکەنەوە وەک “ڕێکخراوێکی تیرۆریستی”، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییەوە لە دەریای سوور.