بەرێوبەریی خۆسەریی: شەهید بوونی دووان و برینداربوونی چەند کەسێکی تر بەهۆی بۆردوومانە ئاسمانییەکەی دوێنێی تورکیاوە لە قامشلۆ

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرێوبەریی خۆسەریی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئاسمانییەکانی قامشلۆ و گوندەوارەکەیەوە دوو کەس شەهید بوون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.

دوێنێ چوارشەممە درۆنێکی تورکیا دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاری لە شارۆچکەی نەوتیی ڕمێلان و دوو ئۆتۆمبێلی لە گوندەواری قامشلۆ کردە ئامانج.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، “ئەم هێرشانە بە ئامانجی لێدانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکانماندا دێن و هەموو هەوڵەکانی نەهێشتنی مەترسییەکانی تیرۆریزمی داعش تێکدەدەن، بەتایبەتی دوای ئۆپەراسیۆنە چۆنایەتییەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی دژە تیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لەناوبردنی چەند مۆڵگەیەکی شانەکانی داعش و دەستگیرکردنی سەرکردەکانیان”.

بە ئامانجگرتنی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانەکانی رۆژئاڤا لە لایەن تورکیاوە “تاوانێکی جەنگە کە ئامانج لێی تێکدانی کاری دامودەزگاکانی بەڕێوەبەرێتییەکانمانە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی واقیعی خزمەتگوزاریی لە ناوچەکە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: روبین عومەر