رۆژێک پاش بۆردوومانەکانی ئەمریکا و سەرکۆنەی حکومەتی عێراق.. جارێکی تر هێرش کرایە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە هەولێر
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” ڕایگەیاند، بنکەیەکی ئەمریکایان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردووەتە ئامانج.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامیی لایەنگری ئێران لە راگەێنراوێکدا، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە، بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ گرت و ئەمەش ڕۆژێک دوای دوو هێرش دێت، کە لەلایەن هەمان تاقمەوە بۆ سەر بنکەی سەربازی “هەریر”ی ئەمریکی ئەنجامدرا.
ئەمەش پاش هێرشی ئەمریکایه بۆ سەر ناوچەی جورف ئه لسەخار لە پارێزگای بابلی عێراق هات، کە یەکەم هێرشە دوای سێ هێرش لە سووریا، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانیان له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مووشەک و درۆن، کە لەلایەن “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” و هەندێکیان لە لایەن گروپی حوسییەکانی یەمەنەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت.
بەغدا بەئامانجکردنەکانی ئەمریکای رەتکردەوە و سەرکۆنەی کرد و بە “پێشێلکردنی سەروەری عێراق”ی ناوزەد کرد.
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لە 17ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە نزیکەی 70 جار هێرشیان کراوەتە سەر و بەگوێرەی پێنتاگۆن 62 سەربازی ئەمریکی برینداربوون.
“مقاوەمەی ئیسلامی” رایگەیاندووە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی هەولێری کردە ئامانج، “راستەوخۆ ئامانجەکەی خۆی پێکاوە”، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.