ئیسرائیل گوندەواری دیمەشق بۆردوومان دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
میدیا خۆجێییەکان رایانگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆردومانێکی ئیسرائیلی ناوچەی “سەیدە زەینەب”ی لە گوندەواری دیمەشق کردووەتە ئامانج.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە سووریا لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلەوە لە غەززە زیادیان کردووە و ئیسرائیل دەڵێ لەو هێرشانەدا جموجۆڵ و کۆگاکانی چەکی ئێران دەکاتە ئامانج.
سەرچاوەیەکی سەربازی سووریا رایگەیاند: “نزیکەی کاتژمێر 15:10ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوژمنی زایۆنی بە دوو مووشەک لە ئاراستەی جۆلانی داگیرکراوی سووریاوە هێرشێکی ئاسمانی ئه نجامدا و چەند ناوچەیەکیان له دەوروبەری شاری دیمەشق کردە ئامانج”.
ئاماژەیان بەوەشکرد: “هێزەکانی بەرگری ئاسمانیمان وەڵامی ئەو دەستدرێژییەیان دایەوە و یەکێک لە مووشەکەکانیان خستە خوارەوە و زیانەکانیش سنووردار بوون بە زیانی ماڵی”.