حكومه‌تی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سه‌ر گروپه چه‌كداره‌كان ده‌كات
هه‌ولێر – نۆرس پرێس
حکومەتی عێراق ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە بنکەکانی گرووپە چەکدارەکانی لە ناوچەی جورف سەخری کردە ئامانج، هاوکات دەزگا ئەمنییەکانی راسپارد بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و جێبەجێکردنی یاسا.
باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین، كه بەبێ ئاگادار کردنەوەی دهزگائهمنییهكانی حکومەتی عێراقی ناوچەی جورف سەخری كراوه‌ته ئامانج، ئه‌وه‌ش پێشێلکاریی سەروەری عێراقە و بەهەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دادەنرێت.
راشیگه‌یاند: حکومەتی عێراق یاسا بەسەر لایەنی کردەوەکە دەسەپێنێت و لێپێچینەوە لەسەر پێچیکاران دەکات، چونکە هیچ لایەنێکی دەرەکی مافی ئەوەی نییە ئەو کارە بەناوی خۆیەوە ئەنجام بدات، ئەمەش بەپێی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
جەختیشی کردەوە، کە “بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئامادەبوونێکە کە پاڵپشتی کارەکانی هێزە چەکدارەکانمان دەکات، لە رێگەی خولی راهێنان و چاکسازی و راوێژکاریەوە، هەروەها ئەوەی روویدا پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو ئەرکەیە کە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پێناویدا لێرە ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق، بۆیە داوایان لێدەکرێت تاکلایەنە مامەڵە نەکەن، دەبێت پابەند بن بە سەروەری عێراق، کە بە هیچ شێوەیەک قەبووڵی پێشێلکارییەکانی ناکات.”
ئه‌مڕۆ چوارشەممە سوپای ئەمریکا، هێرشی كرده سەر دوو بنكه‌ی سه‌ربازی لە عێراق، ئەمەش وەک یەکەم وەڵام بۆ بە ئامانجگرتنی بنکەکانی له ناوچه‌كه، ئه‌و هێرشه له‌دوای ئه‌وه دێت كه چه‌ندین هێرشی هاشێوه‌ی له سوریا ئه‌نجامداوه.
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە به‌رده‌وام بنکەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ده‌بنه‌وه، و پنتاگۆن دەڵێت ئێران لە پشت ئه‌و هێرشانه‌یه.
سەبرینا سینگ، جێگری وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند، لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە، واتە دوای 10 ڕۆژ له‌دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، نزیکەی 66 هێرش كراوه‌ته سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا كه ٣٢ هێرش لە عێراق و ٣٤ هێرشیش لە سوریا بووه و به‌هۆیه‌وه زیاتر لە ٦٠ سه‌ربازی ئه‌مریكی برینداربوونه.
فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا،”سێنتکۆم” پێشتر لە تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی ئێکس به‌ڵاوی كرده‌وه کە “هێرشی ورد”یان لە دوو شوێنی عێراق ئەنجامداوە، ئه‌ویش وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئەو هێرشانەی كه گروپه‌كانی ئێران له دژی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سوریا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.