بەرپرسێکی ئەمریکی: کوژرانی هێرشبەرانی سەر بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمریکی ئۆتۆمبێلێک کردووەتە ئامانج و لە “هێزەکانی دوژمن”ی کوشتووە، کە بەرپرسیار بوون لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق، بەپێی ئەوەی تۆڕی تەلەفزیۆنی (سی ئێن ئێن) بڵاویکردووەتەوە.

ئەمڕۆ گروپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشێکی نوێ بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری عێراق راگەیاند.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فڕۆکە جەنگییە ئەمریکییەی کە “هێزەکانی دوژمن”ی کوشتووە، فڕۆکەیەکی جۆری AC-130 بووە، کە توانای تۆپ هاویشتنی هەیە بۆ ئامانجە زەمینییەکان، بەو پێیەی ئەرکی خۆی لە بەرگری لەخۆکردندا ئەنجامداوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە بنکەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای بەغدا، هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکاش لە بەرگریکردن لە خۆیان وەڵامیان داوەتەوە.

ئەو بەرپرسە روونیشیکردەوە کە هێرشەکە برینداری سوکی لێکەوتووەتەوە و زیانیشی بە ژێرخانی بنکەکە گەیاندووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی