بەئامانجکردنی بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باشووری حەسەکە
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بنکەی شەدادی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە دەکەوێتە گوندەواری باشووری حەسەکەوە، بە دوو هێرشی یەک لە دوای یەک کرایە ئامانج، کە پێدەچێت “لە ئاراستەی خاکی عێراقەوە بێت”.
میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی” لە سووریا و عێراق لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە، بەرپرسیاری خۆیان لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەمریکییەکان لەو دوو وڵاتە راگەیاندووە.
سەرچاوەیەکی سەربازی بە نۆرس پرێسی وت، “کاتژمێر حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی قامشلۆ، بنکەی شەدادی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوو جار هێرشی کراوەتە سەر و دوو جار لەسەریەک دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە”.
ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە، دوای روودانی ئەو دوو هێرشە، فڕۆکە سەربازییەکان دەستیان بە سووڕانەوە کرد بە ئاسمانی ناوچەکەدا، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە بخەنەڕوو.
هەروەها پەیامنێری نۆرس پرێس لەوێ ئاماژەی بەوەکرد، تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەسەر ڕادەی زیانەکان دەستنەکەوتووە “ئەگەر هەبن” و هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر رووداوەکە دەرنەچووە.