حەماس و ئیسرائیل نزیک دەبنەوە لە ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکان
هەولێر – نۆرس پرێس
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی نزیکبوونەوە لە رێککەوتن لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی دیلەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، “لەو بابەتەدا بەرەوپێشەوە چوون و بەهیوان بەزوویی هەواڵی خۆش بگات”، ئەمەش بێگومان بەرامبەر بە راگەیاندنی ئاگربەست دەبێت لە نێوان ئەو وڵاتە و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینیدا.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند کە لە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل نزیک بوونەتەوە، لە کاتێکدا هێرشی کوشندە بۆ سەر غەززە و موشەکەکان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامن.
ئیسماعیل هەنییە رایگەیاندووە، بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس “نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست” لەگەڵ ئیسرائیل و گروپەکە وەڵامی خۆی بە قەتەر گەیاندووە کە ناوبژیوانی رێککەوتنەکە دەکات.
ئیسرائیل بە گشتی خۆی لە لێدوان لەسەر دۆخی دانوستانەکان بە سەرۆکایەتی قەتەر بەدوور گرتووە، بەڵام تەلەفزیۆنی کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی ئیسرائیلەوە کە ناوی نەهێنراوە، رایگەیاند کە “نزیکن”، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری نەخستەڕوو.
نەتەنیاهوو بەدیاریکراوی لەبارەی ئەو پرسە گوتوویەتی، “لەبەرەوپێشچوونداین. رەنگە شایان بەوە نەبێت کە زۆر بڵێم، بەتایبەت لەم کاتەدا، بەڵام هیواخوازم بەزوویی هەواڵی خۆش بگات.”
ئێوارەی ئەمڕۆش، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو وەزیرەکانی کابینەی حکومەتەکەی (کابینەی جەنگ)ی ئاگادارکردووەتەوە، ئەم ئێوارەیە کاتژمێر 18:00 بە کاتی تەلئەبیب بۆ تاوتوێکردنی بابەتی ئازادکردنی دیلەکان کۆببنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی واشنتن پۆست، ئیسرائیل و حەماس بە هاوکاری ئەمەریکا، نزیکبوونەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ راگرتنی شەڕ بە شێوەیەکی کاتی و ئازادکردنی دەیان بارمتە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە بۆ ماوەی پێنج رۆژ، ئیسرائیل هێرشەکانی رادەگرێت، لە چەند رۆژی داهاتووشدا رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەشی ئاشکراکرد، رێککەوتنەکە لە شەش لاپەڕە پێکهاتووە و ناوەڕۆکەکەی باس لەوە دەکات لە هەر 24 کاتژمێر جارێک حەماس 50 بارمتە ئازاد دەکات، کە 240 بارمتەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کۆشکی سپی رایگەیاندووە، هێشتا رێککەوتنەکە نەکراوە، بەڵام بەردوامین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان، هەروەها گەشتنی هاوکارییەکان بۆ هاووڵاتییانی غەززە.