یەکینەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەندامێکی “داعش” لە رەققە دەستگیر دەکەن

رەققە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، یەکینەکانی دژەتیرۆری سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند، دوێنێ دووشەممە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیەوە، بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەندامێکی رێکخراوی “داعش”یان دەستگیرکردووە.

هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “دوێنێ دووشەممە یەکینەکانمان بە پاڵپشتی و چاودێری ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامدا، بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەندامێکی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە شارۆچکەی ئەلکەرامە لە شاری رەققە”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا یەکەکانیان توانیویانە کەسێک بە ناوی (محەمەد مەحمود حەمەدە) دەستگیربکەن، کە سەرقاڵی بەقاچاخبردنی “نەوەکانی خەلافەتی داعش”ن لەو کامپانەوە کە هەزاران خێزانیان تێدا نیشتەجێیە بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا و میلیشیا دڵسۆزەکانیاندان لە باکووری سووریا.

روونیشیانکردەوە، دەستیان بەسەر دوو مۆبایلی زیرەک و مۆبایلێکی ئاسایی و یەک ئامێری وای فایدا گرتووە، ئەمە جگە لە بەڵگەنامەی کەسی و ناسنامەی دەستگیر کراوەکە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لێدان و لەناوبردنی “ئەندامانی داعش” لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستان، بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی