رۆژێک پاش سەردانی هاوتا ئەمریکییەکەی.. وەزیری بەرگری ئەڵمانیا گەشتە ئۆکرانیا
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە سەردانێکی لەناکاودا گەیشتە ئۆکرانیا، کە نوێنەرایەتی دوایین هەنگاوی پاڵپشتی ئەڵمانیا دەکات بۆ ئەو وڵاتە لە کاتێکدا لە کۆتایی ساڵی دووەمی جەنگی دژ بە رووسیا نزیک دەبێتەوە.
سەردانەکەی دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر دێت، لە سەردانی هاوتاکەی، لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا، کە پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا نوێکردەوە.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، پیستۆریۆس بە شەمەندەفەر گەیشتووەتە کیێڤی پایتەخت و هەوڵیداوە دڵنیایی بدات سەبارەت بە پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئۆکرانیا لە شەڕەکەیدا دژ بە ڕووسیا.
بڕیارە پیستۆریۆس لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی و هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا وتووێژ بکات.
سەردانەکەی ئەو دوو وەزیرە لە کاتێکدایە کە شەڕ لە غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا بەردەوامە، کە تا رادەیەک سەرنجی میدیاکانی لە شەڕی ئۆکرانیا و رووسیاوە بۆ لای خۆی بردووە.
پێش ئەوە لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند کە پنتاگۆن چەکی زیادە بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار لە کۆگای ئێستای ئەمریکا دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا، لەوانە تۆپ و تەقەمەنی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی.
سەردانەکەی ئۆستین بۆ کیێڤ هەڵمەتێکی باڵا بوو بۆ ئەوەی پارە و چەک بەرەو ئۆکرانیا بنێردرێن، دوای ئەوەی ئۆستین لە پۆڵەندا بە شەمەندەفەر گەشتێکی بۆ کیێڤ کرد، لەگەڵ سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و هاوتاکەی روستەم ئۆمێرۆڤ و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ڤالێری زالۆگنی کۆبووەوە.
سەبارەت بە بەرلینیش، دووەم گەورەترین دابینکەری یارمەتی سەربازییە بۆ کیێڤ لە دوای واشنتۆن.
ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا مانگی ڕابردوو بەڵێنی دابوو کە ئەڵمانیا بەردەوام بێت لە هاوکارییەکانی بۆ کیێڤ و پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە “ئێمە پشتگیری لە ئۆکرانیا دەکەین تا ئەو کاتەی کە پێویست بێت”.
لەو کاتەوەی ئەم پۆستەی وەرگرتووە، ئەمە دووەم سەردانی وەزیرەکەی ئەڵمانیایە بۆ کیێڤی پایتەخت.