مەنبیج.. بەهۆی بۆردومانی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئەنقەرە 20 کەس بریندار بوون

مه‌نبیج – نۆرس پرێس

ئێوارەی ئه‌مڕۆ دووشەممە میلیشیا دڵسۆزەکانی ئەنقەرە بە دەیان گولـله‌ هاوه‌ن گوندێکیان لە گونده‌واری مه‌نبیج لە باکوری سوریا بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا 20 دانیشتووی گوندەکە بریندار بوون.

شاری مه‌نبیج و چەند شارێکی باکوری سوریا بەرەوڕووی بۆردومان بەردەوامی تورکیا و گروپه‌ چەکدارەکانی سه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌بنه‌وه‌ کە زۆربەیان ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکان و دانیشتووان دەکەنە ئامانج و زیانی ماددی و مرۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە گوندی عەون دادات کە دەکەوێتە باکووری مه‌نبیج بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “ئێوارەی ئه‌مڕۆ میلیشیاكانی سەر بە تورکیا بە دەیان گولـله‌ ئه‌م گوندەیان کردە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆردومانەکە بووەتە هۆی برینداربوونی 20 دانیشتووی گوندەکە، دواتر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری مەنبیج، هەروەها برینی زۆربەی برینداره‌كان سه‌خته‌ و جیا له‌وه‌ بۆردومانەکە زیانی بە موڵک و ماڵی دانیشتوانی گوندەکە گەیاندووە.

پەیامنێری نۆرس پرێس ناوی ژمارەیەک لە بریندارەکانی دۆکیۆمێنت کردووه‌ له‌وانه‌ “زاگور یەحیا موسا، محه‌مه‌د یەحیا موسا، حوسێن فەیاز ئەحمەد، ئەحمەد مەحمود، محه‌مه‌د یەحیا موسا، خالد بەکاری، حوسێن ئەحمەد، محه‌مه‌د زەکەریا مەواس ، حەسەن حەجی و ئەحمەد فواز.

ئامادەکردنی: فادی حوسێن – داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی