واشنتن پۆست: پێنتاگۆن نیگهرانه لە لاوازی وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ بریکارەکانی ئێران
هەولێر – نۆرس پرێس
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی پێنتاگۆنهوه ڕایگەیاندووە کە پێنتاگۆن نائومێد بووە لەو ستراتیژەی کە کۆشکی سپی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارەکانی سهر بە ئێران هەڵیبژاردووە، چونكه یارمەتیدەر نییە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆژنامهی واشنتن پۆست له راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە کردووە زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کە لە عێراق و سوریا، بووهته هۆی توڕهیی ههندێك بهرپرس لەناو وەزارەتی بهرگری و پێیانوایە پێنتاگۆن ستراتیژێکی ناتەبایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بریکارەکانی ئێران گرتۆتەبەر.
هەندێک لە بەرپرسانی بەرگری پێیان وایە کە هێرشە ئاسمانییە سنووردارەکانی تۆڵەسەندنەوە کە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆک کۆمارەوە پەسەندکرابوون نەیانتوانی توندوتیژییەکان بوەستێنن.
رۆژنامهكه لە زاری بەرپرسێکی بەرگرییەوە نووسیویەتی، هیچ پێناسەیەکی ڕوون نییە بۆ ئەوەی هەوڵی ڕێگریکردن لە چی دهكهین. هاوکات بەرپرسێکی دیکەش ڕایگەیاندووە، پێنتاگۆن بەردەوامە لە “باشترکردنی بژاردەکانی وەڵامدانەوە”.
پێنتاگۆن تا ئێستا به 3 ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەنجامداوە بۆ وهڵامدانهوهی گروپهكان و ئەو دامەزراوانەی کردۆتە ئامانج کە ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا بەکاریان دەهێنن، بەڵام ئەو هێرشانە تەنیا لە سوریا سنووردار بوون و لە عێراق ڕوویان نەداوە.
له ماوهی مانگی رابردوو 61 هێرش كراوهته هێزهكانی ئهمهریكا و هاوپهیمانی نێودهوڵهتی لهلایهن گروپی مقاوهمهی ئیسلامی عێراقهوه، لهو ژمارهیهش 29 هێرش له عێراق و 32 له سوریا دابه شکراون.