
سەرکردەکان سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵای لوبنان لە دێرەزوور کۆبوونەوە
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، سەرکردە دیارەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵای لوبنان لە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە “سوپای پاسدارانی ئێران” لە دێرەزوور رایگەیاند، شاندێکی “پلە باڵا” کە جەنەڕاڵەکانی ئێرانی لەخۆگرتبوو، بە یاوەری حاج حوسێن، بەرپرسی سوپای پاسدارانی ئێران لە دێرەزوور و حاج کامیل، سەرکردەیەکی حیزبوڵای لوبنان، بەرەو شاری ئەلمەیادین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور رۆشتوون بۆ ئامادەبوون لەو کۆبوونەوەدا.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکە چوونەتە بەرەو نەخۆشخانەی “شیفا”ی ئێرانی رۆشتوون و کۆبوونەوەیەکیان لەوێ ئەنجامداوە، کە ماوەی دوو کاتژمێری خایاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا سێ ئەفسەری ئێرانی لە لیوای فاتمیون و پاسەوانی گوندەکان ئامادەبوون و لەژێر پاسەوانییەکی قورسدا بەڕێوەچووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خراوەتە سەر لێدانەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی ئێران لە دێرەزوور و گواستنەوەی بەردەوامی ئەو بارەگایانە. نۆرس پرێس نەیتوانی وردەکاری زیاتر دەربارەی ئەو کۆبوونەوە بزانێت.
دوابەدوای کۆبوونەوەکە، شاندەکە سەردانی کێڵگە و ناوچەی پیشەسازی و مەزارگەی “عەین عەلی”یان کردووە، کە هێزە سەربازییەکانی ئێرانی تێدا جێگیرکراون، هەروەها شاندەکە ئەو شوێنانەیان پشکنیووە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆردومان کرابوون.