حوسییەکانی یەمەن دەست دەگرن بەسەر کەشتییەکی باردا.. ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە کەشتیەکە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
کەشتیی “گالاکسی لیدەر” بە 25 سەرنشینەوە، لە لایەن حوسییەکانی یەمەنەوە لە دەریای سوور دەڕفێنرێت و حووسییەکان رایانگەیاند، “تاوەکو دەستدرێژییەکانی سەر غەززە نەوەستێت، سەرجەم کەشتییەکانی ئیسرائیلی ئامانجی شەرعی ئێمەیە”.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، “دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئیسرائیلییەکەی دەریای سوور پشتڕاستدەکەینەوە. کەشتییەکە و ستافەکەیمان بەرەو کەناراوەکانی یەمەن بردووە.” لەبارەی چارەنووسی بارمتەکانەوە گوتی، “بەگوێرەی بنەماکانی ئایینی ئیسلام مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.”
نوسینگەی بنیامین نهتهنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کەشتییە دەستبەسەرکراوەکە “بێ ئەوەی ناوی بهێنێت”، موڵکی ئیسرائیلییەکان نییە، لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڕێوەناچێت، هەروەها هیچ کام لە تیمە نێودەوڵەتییەکانی ئیسرائیلی نین.
لە بەشێکی قسەکانیدا، سەریع هۆشداریدا، “هەموو کەشتییەکی ئیسرائیل یان سەر بە ئیسرائیل لە دەریای سوور دەبێتە ئامانجی شەرعیی هێزەکانی حووسی.”
چەند کاتژمێرێک پێش ئەو راگەیێندراوە، میدیای ئیسرائیل لە زاری حکومەتی ئەو وڵاتەوە رایگەیاند، “حووسییەکانی یەمەن کەشتییەکیان بە 25 سەرنشینەوە لە دەریای سوور رفاندووە. حووسییەکان دەڵێن کەشتییەکە ئیسرائیلییە، بەڵام هیچ هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی لەسەر کەشتییە نییە.”
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، “ئەو 25 کەسە خەڵکی وڵاتانی ئۆکراینا، مەکسیک، فلیپین و بولگاریان، بە دڵنیاییەوە هیچ هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی لەسەر ئەو کەشتییە نین. ئیسرائیل هیچ بەشدارییەکی لە خاوەندارێتی، کارپێکردن یان دروستکردنی ئەو کەشتییە نییە.”
نەتەنیاهوو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی رایگەیاند، “ئەمەش کردەوەیەکی دیکەی تیرۆریستیی ئێرانییە کە دەریدەخات ئێران چەندە خواستی شەڕی هەیە لە دژی هاووڵاتییانی جیهانی ئازاد.”
یەحیا سەریع هەروەها گوتی، “بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دژی ئیسرائیل پشتڕاست دەکەینەوە، تاکو دەستدرێژی و تاوانە قێزەونەکانی ئیسرائیل لە دژی برایەکانمان لە غەززە و کەرتی رۆژئاوا دەوەستێت.”
دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا داوای لەو کەشتیانەی کرد کە لە ناوچەی باشووری دەریای سووردا دەپەڕنەوە، وریابن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پەیوەندییان لەگەڵ کەشتییەکەی رۆژئاوای حودەیدە لەدەستداوە و پێدەچێت “کەسانی بێ مۆڵەت” سواری کەشتییەکە بووبن و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بەردەوامە.