یۆنان.. دەستگیرکردنی دوو قاچاخچی سوری و میسری بە تۆمەتی بەقاچاخ بردنی 41 کۆچبەر لە تورکیاوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان دەستگیرکردنی سێ کەسیان راگەیاند، کە “قاچاخچییەک”ی سووری سەرۆکایەتی دەکردن، بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی 41 کۆچبەری نایاسایی لەسەر کەشتییەک کە لە تورکیاوە بەرەو یۆنان رۆشتووە.

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان لە راگەێنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، کەشتییەکە لە شاری تشیشمی تورکیاوە بەڕێکەوتووە و بەپێی گێڕانەوەی کۆچبەرەکان هەریەکەیان بڕی پێنج هەزار یۆرۆیان داوە بۆ پەڕاندنەوەیان.

کەشتییەکە ویستوویەتی کۆچبەران بە شێوەیەکی نایاسایی و بەبێ بەڵگەنامەی گەشتکردن بگوازێتەوە بۆ کەناری هامولیا لە کەنارەکانی رۆژهەڵاتی ئەتیکای یۆنان.

دەستگیرکراوەکان دوو هاووڵاتیی میسریین، کە لە کەناراوەکانی کۆس لەناو کەشتییەکەدا دەستگیرکراون، کە بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بەکارهاتووە، هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی سووری تەمەن 37 ساڵ، لە ئەسینای پایتەخت دەستگیرکراوە، کە بە رێکخەری بەقاچاخبردنەکە دادەنرێت.

ئەو تۆمەتبارە سوورییە دوکانێکی لە شەقامی لیۆگن بەڕێوەبردووە، کە بەکاریهێناوە بۆ رێکخستنی گواستنەوەی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا لە رێگەی یۆنانەوە.

لە کاتی گەڕانەکاندا، بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی، کە لە ماڵی پیاوە سورییەکە لە ئەسینای پایتەخت ئەنجامدرا، پەڕاوی تێبینی و خشتەی کاری دەستنووس و دوو مۆبایل دۆزرانەوە و دەستیان بەسەردا گیرا.

ئەو پەنابەرانەی لە تورکیا نیشتەجێن بەزۆری رێڕاوی قاچاخی ئاوەکانی دەریای ئیجە بۆ پەڕینەوە بۆ ئەوروپا بەکاردەهێنن، کە زۆربەیان کۆچبەری سووری و هاووڵاتییانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاندووە کە کۆچبەرەکان پێکدین لە 33 پیاو و 4 ژن و 4 منداڵی خوار هەژدەساڵ، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە هاووڵاتی چی وڵاتێکن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر