پاش بۆردوومانێکی حکومەتی سووریا.. هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانی “هەسەدە” لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە ناوچە جیاجیاکانی گوندەواری دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمەش دوای بۆردومانێکی هاوەنەکانی حکومەت هات لە رۆژئاوای فوراتەوە.

بە گوێرەی لێدوانە فەرمییەکانی “هەسەدە”، ناوبەناو چەکدارانی سەر بە رژێمی ئەسەد و میلیشیا ئێرانییەکان بارەگا و ئەندامانی “هەسەدە” لە گوندەواری دێرەزوور، لە ژێر ناوی “هێزی هۆزەکاندا” دەکەنە ئامانج.

سەرچاوەیەکی سەربازی له شارۆچکەی شحێل  لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور رایگەیاند، چەکدارانی نەناسراو بە چەکی ئاسایی هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکی “هەسەدە” لە وێستگەی ئاوی شحێل و بارەگایەکی دیکەش لە قوتابخانەی شەبەکە، لە نزیک رووباری فورات لە هەمان شارۆچکە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە دوای ئەوە دەستیپێکردووە، کە هێزەکانی حکومەت کە لە رۆژئاوای فورات جێگیر بوون بە دوو هاوەن دەوروبەری ئەو دوو بارەگایەیان کردە ئامانج، دوای ئەوە شەڕ و پێکدادان روویدا و شەڕەکەش بە کشانەوەی چەکدارەکان کۆتایی هات.

چەکدارە نەناسراوەکان بە “ئاڕ پی جی” هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چواردەووری شارۆچکەی ئەلحەوایج لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەگوێرەی سەرچاوەکە زیانەکان تەنها لە زیانی ماڵیدا سنوردار بوون.

لە هەمان کاتدا دوو چەکداری نەناسراو بە ماتۆڕسکیلەوە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) لە دەروازەی شارۆچکەی ئەلبوسەیرە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.

ئامادەکردنی: ماهیر مستەفا – دارشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان