
میلیشیاکانی سەر بە ئێران بارەگاکانیان لە دێرەزوور چۆڵ دەکەن
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران بارەگاکانیان لە دێرەزوور چۆڵکرد و گواستیاننەوە بۆ حومس لە ناوەندی سووریا.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای پاسدارانی ئێران لە دێرەزوور رایگەیاند، “پاسدارانی ئێران” بارەگایەکیان لە گەڕەکی ئەلجەمیعەت لە شارۆچکەی بوکەمال و بارەگایەکی دیکەیان، لە نزیک “مەزارگەی عەین عەلی”، لە شارۆچکەی ئەلقوریە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، چۆڵکردووە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە بۆ نۆرس پرێس: “پاسدارانی ئێران” ئەندامان و کەرەستەی ئەو دوو بارەگایەیان بۆ شاری حومس لە ناوەندی سووریا گواستووەتەوە.
هەروەها لیوای فاتمیونی ئەفغانستان سێ لە بارەگاکانی خۆی لە دەوروبەری شارۆچکەی ئەلمەیادین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور چۆڵکرد و ئەندامەکانیشی گواستەوە بۆ ناوچەی سوخنە لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حومس، “بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانرێت”.
لەماوەی پێشوودا پێگەکانی میلیشیا ئێرانییەکان لە دێرەزوور کەوتوونەتە بەر هێرشی ئاسمانی ئەمریکا، کە پنتاگۆن دەڵێ، لە وەڵامی بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمەریکا لە سووریا و عێراقدا بووە.
چۆڵکردنی ئەو بارەگایانە، دوای کۆبوونەوەیەک هات کە سەرکردەکانی “سوپای پاسدارانی ئێران” و میلیشیا ئێرانییەکان و هێزەکانی “دیفاع وەتەنی”ی سەر بە حکومەتی سووریای لەخۆگرتبوو، بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، کە پێشبینی دەکات لە ماوەی داهاتووشدا بارەگاکانی دیکەیان چۆڵبکەن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ئەو بارەگایانە لەلایەن هیچ هێزێکی دیکەوە پڕ نەکراونەتەوە.