بەئامانج کردنی چواردەووری بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە گوندەواری دێرەزوور
دێرەزوور – نۆرس پرێس
شەوی شەممە/یەکشەممە، لە دەوروبەری بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، سێ مووشەک کەوتنە خوارەوە، کە لە ناوچەکانی رۆژئاوای فوراتەوە هاتبوون لە دێرەزوور، ئەو ناوچانەی هێزەکانی حکومەت و میلیشیا ئێرانییەکان کۆنترۆڵی دەکەن.
میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی” لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە لە غەززە بەرپرسیاری خۆیان لە چەندین هێرش بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لەو دوو وڵاتە راگەیاندووە.
سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە شارۆچکەی ئەلعزبە لە گوندەواری دێرەزوور رایگەیاند، سێ مووشەک لە نزیک کێڵگەی نەوتی کۆنیکۆ لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کەوتوونەتە خوارەوە، کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەک بنکەیەکی سەربازی بەکاری دەهێنن.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، دەنگی تەقینەوەیەک لەناو کێڵگەکە چەند ساتێک دوای کەوتنەخوارەوەی سێ موشەکەکە بیستراوە، بەڵام دیارینەکردووە، کە ئایا لە ئەنجامی بەئامانجگرتن یان مەشقکردن بووە بەو هێزانەی لە کێڵگەکەدا ئامادەن.
ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – دارشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان