“مقاوەمەی ئیسلامی” هێرشێکی نوێی بۆ سەر بنکەیەکی هەریر لە هەولێر ئەنجامدا
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” رایگەیاند، کە هێرشێکیان بۆ سەر بنکەی هەریر لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
بەمەش ژمارەی ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپی ئیسلامی شیعەی لایەنگری ئێرانەوە ئەنجامدراوون، بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 65 هێرش بۆ سەر پیگەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، گروپی “مقاوەمەی ئیسلامی” لە بەیاننامەیەکدا لە رێگەی ناسێنەرەکانیەوە رایگەیاند، بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، بنکەی هەریریان ( 70 کم لە باکووری پارێزگای هەولێرەوە) کردووەتە ئامانج.
ئەم هێرشە دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی هێرشێکی هاوشێوە هات بۆ سەر بنکەی تەنەف لە رۆژئاڤا.
ئەمانەش ئەو زنجیرە هێرشانەن، کە گروپی ئیسلامی بۆ سەر پێگە و بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە سوریا و عێراق، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی غەززەوە دەستیانپێکردووە.
لەو هێرشانەدا نزیکەی 60 سەربازی ئەمریکی برینداربوون، واشنتۆنیش وەڵامی سێ هێرشی ئاسمانی بەهێزی دایەوە بۆ سەر ئەو پێگانەی لە سووریا، کە بە گوتەی خۆی هی سوپای پاسدارانی ئێرانن و پشتیوانی لە بریکارەکانی دەکات لە ناوچەکە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان.
“مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” رایگەیاندووە، “هێرشەکەی سەر بنکەکەی هەولێر راستەوخۆ ئامانجەکەی پێکاوە”، بەبێ ئەوەی سروشتی زیانەکان ئاشکرا بکات.