نەتەوەیەکگرتووەکان: پێویستە کۆتایی بەو دۆخە ترسناکە بۆ منداڵان بهێنرێت و قوتابخانەکان بپارێزرێن

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوینێ شەممە، سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە هێرشیکردە سەر قوتابخانەیەک کە خەڵکێکی زۆر لە ئاوارەکان تێدا نیشته‌جێن و بە هۆی هێرشەکەوە زیاتر له‌ 50 کەس کوژران و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون.

لە کاردانەوەی ئەو هێرشەدا، کاترین روسێل، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبەجێکار له‌ سندوقی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (یونسێف)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیه‌كان ناڕەزایەتی دژ بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر قوتابخانەیەکی غەززە پیشان دا و داوایکرد “کۆتایی بەو دۆخە ترسناکە بۆ منداڵان” بهێنرێت.

روسێل نوسیوویەتی: “جارێکی دیکە دیمەنی کارەساتباری ئەو قوتابخانانەی غه‌ززه‌ دەبینین، کە منداڵان و ئاوارەکان پەنایان بۆ بردووه‌”. گوتیشی: “کۆمەڵکوژی و ستەم پێویستە کۆتاییان پێ بێت”، راشیگەیاند، ” پێویستە قوتابخانەکان بپارێزرێن”.

پاش تێپەڕینی زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر هێرشی چەکدارەکانی حەماسدا بۆسەر ئیسرائیل، گرژییەکان تا دێت لە ناوچەکە روویان لە زیادبوونە و لە ئەنجامی ئەو جەنگەدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندار بوون، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون.

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستینیش لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 12 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون، كه‌ پێنج هه‌زاری منداڵن و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش برینداربوون.