پنتاگۆن دەرەنجامی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانیان لە سووریا و عێراق دەخاتەڕوو

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، پنتاگۆن رایگەیاند، لە 17ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا 58 هێرش هێزەکانی ئەمریکایان لە لایەن “بریکارەکانی ئێران لە عێراق و سووریا” کردووەتە ئامانج.

دووشەممەی رابردوو پنتاگۆن رایگەیاند، بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق، کە دەکاتە 55 هێرش لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، 59 سەربازی ئەمریکی برینداربوون.

سەبرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پنتاگۆن لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 27 لەو هێرشانە لە عێراق روویانداوە و 31 هێرشی دیکەشیان لە سووریا روویانداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی 7 لەو هێرشانە لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە لە سووریا روویانداوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، وا دیارە رێژەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا خاو نابێتەوە.

جەختیشیان لەوە کردەوە، “ئێمە وەڵاممان داوەتەوە و ئەگەر هێرشی زیاتر رووبدات، بە دڵنیاییەوە لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵام دەدەینەوە”.

هەروەها سینگ باسی لەو ئۆپەراسیۆنە کرد، کە کەشتیی تێکشکێنەری USS Thomas Hudner ئەنجامیدا، کە رۆژی چوارشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە یەمەنەوە لە دەریای سوور خستە خوارەوە و روونیکردەوە کە “هەڵسەنگاندنمان لە ئێستادا ئەوەیە، کە ئامانجەکە تێکشکینەرەکە نەبووە، بەڵکو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بە ئاستێک لە تیمی تێکشکێنەرەکە نزیک بووەتەوە، کە فەرماندەکە بە پێویستی زانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بخاتە ژێر کاریگەرییەوە و بیخرێتە خوارەوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی “بەرگری لە خۆکردنە” و گوتیشی “هەڵسەنگاندنمان ئێستا ئەوەیە کە هێرشەکە تێکشکینەرەکەی نەکردۆتە ئامانج، بەڵکو بەو ئاراستە گشتییە دەڕۆیشت”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی