کوژرانی دوو چەکداری لیوای قودسی سەر بە ئێران لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، لە هێرشێکی چەکداریدا کە بارەگاکەیانی لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج، دوو ئەندامی لیوای قودسی سەر بە ئێران کوژران.

بەر لە سێ رۆژیش، سەرکردەیەکی لیوای قودس لە چواردەوری دەروازەی چوونە ژوورەوەی شاری بوکەمال لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور ئۆتۆمبیلەکەی کرایە ئامانج و بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە لیوای قودسی سەر بە ئێران بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “بە سوود وەرگرتن لە کەشوهەوای تەماوی، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر دوو بنکەی پاسەوانی لیوای قودسی لە نزیک مەزارگەی عەین عەلی لە شارۆچکەی ئەلمەیادین لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور “.

روونیشی کردەوە، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی دوو ئەندامی لیوای قودس، هاوکات لیوای قودس و ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران دوای رووداوەکە کۆبوونەوە و لە ترسی هێرشێکی تر سەرجەم ئەو شەقامانەیان داخست، کە بە بەردەم بارەگاکەیاندا تێدەپەڕین.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی