“هەسەدە” شەهیدبوونی شەڕڤانێکیان بە بۆردوومانێکی تورکیا لە کۆبانێ راگەیاند
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند، کە شەڕڤانێکیان شەهید بووە و دوو شەڕڤانی دیکەش برینداربوون، ئەوەش بەهۆی بۆردوومانێکی تورکیاوە لە باشووری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان.
لە 5ی تشرینی یەکەمی رابردوودا، دوو کەس بە بۆردومانێکی تورکیا لە نزیک جەلەبیە لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ، گیانیانلەدەستدا.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی “هەسەدە” بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە گوندی ئەلبوغاز لە باشووری کۆبانی ئۆتۆمبێلێکی شەڕڤانانی “هەسەدە”یان کردە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی شەڕڤانێک و برینداربوونی دوو شەڕڤانی دیکە، کە لە کاتی بەئامانجگرتنیاندا سەرجەم شەڕڤانان لە پشوودا بوون.