سەرەڕای ناوبردنی بە “دیکتاتۆر” “بايدن” لە گەڵ “پینگ” پیاچوونەوە بە پەیوەندییە سەربازییەکانیاندا دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا و چین رێککەوتوون لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانیان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
بەڵام دوابەدوای ئەم راگەیاندنە لێدوانێکی تری سەرۆکی ئەمریکا هات، تیایدا ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا هاوتا چینیەکەی بە “دیکتاتۆر” دەزانێت، ئەمەش رەنگە هەستیاری زیاتر بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاد بکات.
بایدن دوای دیدارێکی دەگمەن لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین رۆژی چوارشەممە لە کالیفۆرنیا گوتی: ئێمە گەڕاینەوە بۆ پەیوەندییە راستەوخۆ و کراوە و روونەکان.
ئەمە یەکەم کۆبوونەوە بوو کە تیایدا هەردوو سەرکردە لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا بە شێوەیەکی روبەڕوو قسە بکەن و رێککەون لەسەر دامەزراندنی هێڵێکی راستەوخۆی پەیوەندی لە نێوانیاندا.
چین ساڵی رابردوو دوای ئەوەی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد، پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی پچڕاند.
پەکین خۆبەڕێوەبەری تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، هەڕەشەی ئەوەشی کردووە ئەگەر پێویست بکات بە زەبری هێز دەیخاتەوە سەر خاکەکەی.
بایدن ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە جیاوازیی زۆر لەنێوانیاندا هەبووە، بەڵام پینگ “راشکاو بووە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و بەرهەمدارمان ئەنجامدا”.
بەڵام دەربارەی ئاستی سەختی پەیوەندییەکان، بایدن لە کاتی رۆشتنیدا، وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکی دایەوە و گوتی کە ئەو بەڕێز ‘شی’ بە دیکتاتۆر دەزانێت.
گوتیشی: “ئەو دیکتاتۆرە، بەو مانایەی کە ئەو پیاوە وڵاتێک بە شێوازێکی تەواو جیاواز لە سیستەمی ئێمە بەڕێوەدەبات”.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، بایدن لێدوانێکی هاوشێوەیدا، بەرپرسانی چین بە تووڕەییەوە وەڵامیان دایەوە و بە “لەڕادەبەدەر گاڵتەجاڕانە و نابەرپرسیارانە” لێدوانەکەیان ناوبرد.
جگە لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکان، هەردوولا چەندین رێککەوتنی دیکەیان لەو ناوچانە راگەیاند، کە لەم دواییانەدا بوونەتە سەرچاوەی گرژی.
هەروەها لە دیدارەکەدا باسیان لە ململانێی ئیسرائیل و غەززە کرد، میدیا ئەمریکییەکان لە زاری “بەرپرسێکی باڵا”ەوە رایانگەیاندووە، بایدن داوای لە چین کردووە کە کاریگەریی خۆی لەگەڵ ئێران بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی داوای لێبکات کە هیچ جۆرە هەنگاوێکی ئیستیفزازی نەنێت.
هەروەها هەردوو سەرۆک کۆک بوون لەسەر ئەنجامدانی پشکنینی هاوبەش بۆ زیرەکی دەستکرد و گفتوگۆیەکی درێژخایەنیان لەسەر تایوان ئەنجامداوە، کە “شی جین پینگ” بە گوتەی یەکێک لە بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێت “گەورەترین و مەترسیدارترین پرس بووە لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چیندا”.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر