دیمەشق – نۆرس پرێس
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، کەشتیی تێکشکێنەری ئەمریکی USS Thomas Hudner فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی “گوماناوی” لەسەر دەریای سوور خستە خوارەوە کە سەرچاوەی هەستانی لە یەمەنەوە بووە.
پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە لەکاتێکدا کەشتیی هودنەر لە دەریای سووردا بوو، “لەگەڵ درۆنێک کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو و بەرەو کەشتییەکە دەڕۆیشت، پێکدادان روویدا و بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی کارمەندانی ئەمریکا درۆنەکەمان خستە خوارەوە”.
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد عەلی ئەلحوسی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی لە یەمەن، کە سەر بە بزووتنەوەی “ئەنساروڵا”یە رایگەیاند کە “سوپای یەمەن مافی خۆیەتی وەڵامی ئەو هێرشە بۆ سەر فڕۆکەکەی بداتەوە”.
ئەم رووداوە ماوەیەک دوای ئەوە دێت کە گرووپی حوسییەکان لە یەمەن هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیلیان لە دەریای سوور کرد.
ئەم هێرشانە بە بەراورد بەو هێرشانەی کە بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق ئەنجام دەدرێن کەمترن، کە زیاتر لە 55 هێرش لەو دوو وڵاتە ئەنجامدراوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئیسرائیل لە غەززە، زنجیرەیەک هێرش بە درۆن و مووشەک لە لایەن ئەوانەوە کە ئەمریکا بە “بریکارەکانی ئێران” لە یەمەن، سووریا، عێراق و لوبنان وەسفی دەکات، ئەنجامدراوە.
هێرشەکانی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” بوونەتە هۆی برینداربوونی 59 سەربازی ئەمریکا، کە لە 17ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە لە سووریا و عێراق جێگیر بوون، ئەمەش وایکرد هێزی ئاسمانی ئەمریکا سێ هێرشی تۆڵەسەندنەوە لە سووریا ئەنجام بدات.
لەم دوایین رووداوەی سەر دەریای سووردا، هیچ بریندار و زیانێک بە کەشتییەکە نەگەیشتووە.