تورکیا ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی سووری خێراتر دەکات

ئیدلیب – نۆرس پرێس

لە سەرەتای ئەم مانگەوە، تورکیا خێرایی دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی سوریای زیادکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە سەرچاوە ئیدارییەکانی هەرسێ دەروازەی باکوور و باکووری رۆژئاوای سووریا ئاشکرایانکردووە، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 6800 پەنابەری سوریایان بۆ بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە خۆیان لە سووریا دیپۆرتکردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئیداری لە دەروازەی سنووریی باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکووری ئیدلب، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە بە زۆرەملێ لە باب ئەلهەواوە دیپۆرتکراونەتەوە بۆ ناوچەکانی ئیدلب، کە دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) کۆنتڕۆڵی دەکات، لە ماوەی دوو هەفتەدا گەیشتە 2850 کەس.

هاوکات سەرچاوە هاوشێوەکان لە دەروازەکانی باب ئەلسەلامە لە باکووری حەڵەب و گرێ سپی لە باکووری رەققە، بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی دیپۆرتکراوەکان بۆ گرێ سپی گەیشتووەتە 1450 کەس و لە دەروازەی باب ئەلسەلامەشەوە 2500 کەس دیپۆرت کراونەتەوە.

بەپێی هەمان سەرچاوەکاوە، بەمشێوە کۆی گشتیی پەنابەرانی دیپۆرتکراوی سووری لە هەر سێ دەروازەکەوە و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە 6800 کەس، تورکیاش بەردەوامە لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوریی لەسەر خاکەکەی لەژێر ناوی “گەڕانەوەی خۆبەخشانە”دا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی