دەرکردن و دەستگیرکردنی چەند کارمەندێک لە گرێ سپی لە لایەن ئەنجومەنی خۆجێی سەر بە تورکیاوە
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوبەرێتی شارەوانی گرێ سپی لە گوندەواری رەققە، لە بەشە داگیرکراوەکەی رۆژئاوای کوردستان، کە لەلایەن ئەنجومەنێکی خۆجێیی دڵسۆز بۆ تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت، شەش کارمەندی لە لیژنەی “پلاندانان و جێبەجێکردن” دەرکرد و رەوانەی لێکۆڵینەوەی کردن، ئەمەش بەهۆی رەتکردنەوەیان بۆ پڕۆژەیەکی تورکی لە ناونانی ژمارەیەک شەقام و قوتابخانە و بنکەی تەندروستیدا بە ناوی ئەو سەربازە تورکانەی کە لە سووریا کوژراون.
کارگێڕێک لە شارەوانی گرێ سپی بە پەیامنێرێکی نۆرس پرێسی راگەیاند، بڕیاری دەرکردنەکە لە لایەنی تورکیاوە هاتووە، و لەلایەن بەڕێوبەریی شارەوانییەوە جێبەجێ کراوە، کە ئەو شەش کارمەندە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراونەتەوە لە ناوەندی “موکافەحە”، بە تۆمەتی تۆمەتی “هاندانی دوبەرەکی ناوخۆیی و هاندانی دژیاتی کردنی تورکیا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری سەرەکی پشت بڕیار و دەستگیرکردنی ئەو 6 فەرمانبەرە، رەتکردنەوەی سیاسەتی بەردەوامی “بەتورککردن” بووە لە ناوچەکە.
لەو کاتەوەی تورکیا ئەو شارانەی رۆژئاڤای داگیرکردووە، دراوی خۆی سەپاندووە بەسەر ناوچەکاندا و سیاسەتی گۆڕینی ناوی قوتابخانە و گۆڕەپانە گشتی و پارکەکانی گرتۆتەبەر، هەروەها بەردەوام لە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەدایە.