بەشێکی زۆریان سوورین.. تەوژمی کۆچبەران دەبێتە هۆی داخستنی سنووری نێوان فینلەند و رووسیا

هێلسنکی – نۆرس پرێس

وەزارەتی ناوخۆی فینلاند ئامادەکاریی دەکات بۆ سنوردارکردنی خاڵە پشکنینە سنوورییەکان لەگەڵ رووسیا، بە مەبەستی داخستنی سنوور، هۆکاری ئەم بڕیارش رۆیشتنی کۆنترۆڵنەکراوی تەوژمی کۆچبەرانە لە سووریا، سۆماڵ، یەمەن و وڵاتانی دیکەوە.

هێلسنکی لەگەڵ مۆسکۆ ئەم بابەتەی تاوتوێ کردووە، بەڵام هێشتا بە “ئەنجامێکی خوازراو” نەگەیشتووە، وەزارەتی ناوخۆی فینلاند رایگەیاند، کە بەنیازن کاری خاڵە پشکنینەکانە سنوورییەکان لەگەڵ رووسیا سنووردار بکەن.

ماری رانتانێن، وەزیری ناوخۆ و پێتێری ئورپۆ، سەرۆکوەزیرانی فینلاند، رایانگەیاند، هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەناخوازان بۆ بازگەکانی سەر سنووری رووسیا بەهۆی گۆڕانکارییەوەیە لە سیاسەتەکانی رووسیادا، کە رێگە بەو کەسانە دەدات کە ڤیزە و بەڵگەنامەیان نییە بچنە ناو فینلاندەوە، واتە کارتی پەناخوازان دژ بە فینلەند بەکار دەهێنێت.

دۆخێکی هاوشێوە لە کۆتایی ساڵی 2015 تا سەرەتای ساڵی 2016 بەدیکرا، کاتێک لانیکەم هەزار کەس لە وڵاتانی سێیەمەوە، بەتایبەت وڵاتانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، گەشتنە دەروازەکانی باکووری سنووری فینلاند و رووسیا و داوای مافی پەنابەرییان لە فینلاند کرد.

دەسەڵاتدارانی فینلاند بە وردی چاودێری دۆخی سنووری رووسیا دەکەن، کە بەمدواییە هاتنی کۆچبەران لە سووریا و یەمەن و عێراق و وڵاتانی دیکەوە، بە بێ ڤیزا و بەڵگەنامە زیادی کردووە و حکوومەتیش بۆی هەیە “ئەگەر پێویست بکات” هەموو خاڵە سنوورییەکان دابخات.

سەرەتای ئەم هەفتەیە پاسەوانانی سنووری فینلەند رایانگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران لە وڵاتانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەبێ بەڵگەنامە و ڤیزا لە رووسیاوە هاتوون و سەرجەمیان داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتی فینلاند کردووە.

حکومەتی فینلاند پێیوایە کە هەڵسوکەوتی رووسیا رێگەی بەو کەسانە (لە وڵاتانی سێیەمەوە) داوە بەبێ بەڵگەنامە سنوور ببڕن و بەهۆی ئەم پێشهاتەوە چاودێری و ئامادەکاریی توند دەستی پێکردووە.

دوێنێ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی فینلەند لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکرێت، لەوپەڕی وریایداین، حکومەت دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکات و ئێمەش بەپێی دۆخەکە مامەڵە دەکەین”.