لە سەرێ کانی ئەندامێكی (شورتەی عەسكەری) لایەنگری تورکیا کوژرا و سێ دیكەش بریندار بوون
حەسەکە – نۆرس پرێس
بەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی گولـلەی چەكدارانی نەناسراو، ئەندامێکی سەر بە گروپی شورتەی عەسكەری لایەنگری تورکیا کوژرا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان لە ڕێگای گوندی عەلووک، لە ڕۆژهەڵاتی سەرێ کانی كرایە ئامانج .
بەرپرسێکی سەربازی لە فیرقەی ئەلموعتەسیم بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ئامانجگرتنەکە لە کاتێکدا بووە کە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکەی ئەم گروپە لە شوێنی کارەکەیەوە لە گوندی عەلووک بەرەو شاری سەرێ کانی بەڕێكەوتووە، لە ئەنجامدا ئەندامێک كوژراوە و سێ ئەندامی دیكەش برینداربوون، كە برینەکانیان سەختە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەرێ كانی.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی سەرێ کانی ڕایگەیاند، کوژراوەکە ناوی مەروان حەمود (26 ساڵ) بووە، هەروەها دۆخی بریندارەكان ناجێگیرە و دەسەڵاتدارانی تورکیاش ڕێگەیان نەداوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بچنە توركیا .