“بەرەی نوسرە” دوو هاووڵاتی لە ئیدلب لەسێدارە دەدات

ئیدلب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرە)ی پێشوو دوو هاووڵاتی مەدەنی بە تۆمەتی ئەمنی لەسێدارەدا. دوای ئەوەی 11 مانگ بوو دەستگیرکرابوون.

بەگوێرەی ئەوەی كە ئاژانسی نۆرس پرێس لە ماوەی پێشوودا چاودێریی كردووە “تەحریر شام” سیاسەتی لەسێدارەدان جگە لە خەڵکی مەدەنی، لە دژی سەرکردە و ئەندامانی خۆی، بە تۆمەتی كاركردن بۆ بیانییەكان یان کارکردن بۆ ڕژێمی سوریا جێبەجێ دەكات.

بەرپرسێکی ئەمنی لە  “بەرەی نوسرە” لە ئیدلب بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، كاری لەسێدارەدانەکە بە ئامادەبوونی “ئەبو محەمەد فەڵەستینی” و “زیا عومەر” لە دیارترین کارمەندانی ئەمنی تەحریر شام ئەنجامدراوە ، بە شێوەیەکی نهێنی بەبێ ئەوەی تۆمەتباران بچنە بەردەم دادگا یان ڕێگە بە خێزانەکانیان بدرێت لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سەردانیان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو دەستگیرکراوە بەناوەكانی ناجی عەبدولقادر و ئەسعەد خەیرەدین فەسلوو، تۆمەتبارکرابوون بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی “ڕژێم”، كە لە 13 ی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا لە گەڕەکی وادی ئەلنەسیم لە شاری ئیدلب دەستگیرکراون،.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندوە لەسێدارەدانەکە لە گۆڕەپانی زیندانی کۆنی ئیدلیب بەڕێوەچوو، بەبێ ئەوەی بزانێت چارەنووسی ئەو دوو تەرمە چی بەسەردێ و ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێنەوە یاخود نا.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد